شاکر فەتاح

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-22-22:16:00 - کۆدی بابەت: 3554
شاکر فەتاح

ناوه‌ڕۆك

شاکر فەتاح
(١٩١٤-١٩٨٨)ز

ناوی (شاکر کوڕی فەتاحی کوڕی ئەحمەد)ـە، لە ساڵی ١٩١٤ز لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و پەروەردەکراوە، لە سەرەتای منداڵیدا چووەتە بەر خوێندن لە حوجرەی فەقێیان، لە دواییدا چووەتە قوتابخانە و سەرەتایی لە سلێمانی تەواوکردووە، دواناوەندی و کۆلێجی مافی لە بەغداد تەواوکردووە، لە شەوی (١٨-١٩/٣/١٩٨٨)ز گیراوە و لە ناوەڕاستی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ز گوللە باران کراوە و گەیشتۆتە ڕیزی شەهیدانی کوردستان، شاکر فەتاح یەکێکە لە نووسەرە ناسراو و ناودارەکانی کورد، کە لەماوەیەکی گرنگ و پڕ ڕووداو لە بزوتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە، خزمەتی فرە مەزنی نەتەوەکەی کردووە، چونکە بەردەوام خامە ڕەنگینەکەی بۆ مەبەستی وشیارکردنەوەی میللەتەکەی خستۆتە کار، لەم بوارەدا یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بەهۆی بەرهەمەکانیەوە وای کردووە بچێتە ڕیزی پێشەنگانی ئەو نووسەرانەی کە بەرهەمیان زۆرە. ئەوانەی کە زۆر کاریان لەگەڵ شاکر فەتاح کردووە و جێ پەنجەیان لەسەر کەسێتی ئەو دیارە مامۆستا (محەمەدەمین زەکی، تۆفیق وەهبی، حوسین حوزنی موکریانی) بوون، هەروەها هۆنراوەکانی حاجی قادری کۆیی زۆر کاری تێکردووە.
لەگەڵ ڕۆژنامەکانی (بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان، ئومیدی ئیستیقلال، بانگی هەق) کاری کردووە.
شاکر فەتاح لە پیرەمێرد فیری نووسین و خوێندنەوەی کوردی بووە، کە چۆتە لای هانیداوە بۆ کۆکردنەوەی وشەی کوردیی پەتی، زۆر جار بەدوای ئەم وشانەدا زۆر شوێن گەڕاوە و تۆماری کردوون و بۆی بردووە.
شاکر فەتاح لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەکو (قایمەقام) لە شارۆچکەکانی کوردستاندا، خەریکی دەرکردنی ڕۆژنامە و شانۆگەری و کردنەوەی کتێبخانە و بەخشینی کتیب بووە، کە ئەمەش دەرفەتێک بووە بۆ زیاتر گەڕان و هۆگربوونی بە دنیای ڕۆشنبیری تا دوا چرکەکانی ژیانی، کتێب نزیکترین هاوڕیی بووە و بێ کتێب و خوێندنەوە هەڵینەکردووە. لەگەڵ گەشانەوەی ئەدەبیاتی کوردی لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا، شاکر فەتاح بە جۆش و خرۆشەوە ڕۆڵیکی باشی لە بزوتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ڕۆژنامەگەری کوردی گێڕاوە. لەگەلێ بواری جیا جیا و مەیدانی تری نووسیندا قەڵەمەکەی وشکی نەکردووە، دەتوانین بڵێین لە هەندێک بواردا یەکێکە لەو پێشەنگانەی بەرهەمیان لە مەیدانی وتار و چیرۆک و گەشتنامە و ژیاننامەدا، ئەدەبی کوردی ڕازاندۆتەوە.

شاکر فەتاح لە گەلێ بواردا بەرهەمی ئەدەبی هەبووە، لەوانە:

١- هۆنراوە:
زۆربەی هۆنراوەکانی لە دەوری مەبەستی کۆمەڵایەتی و وەسف و دڵداری و نامەی شیعر دەسوڕێنەوە، پرسی هەژاری و زۆرداری و نەخوێندەواری و دواکەوتووی کۆمەڵی کوردەواری و وەسفی سروشتی کوردستان و ئافرەت بە زەقی لە ناوەڕۆکیهۆنراوەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە.

٢- وتار:
لە سەرەتادا گرنگی بە وتاری ئەدەبی داوە، لە دواتردا زیاتر گرنگی بە وتاری کۆمەڵایەتی داوە، بە قوڵی گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانی خستۆتە ڕوو، ئەوەندەی پێیکرابێ چارەسەری بۆ دۆزیونەتەوە، هەروەها هەندێک وتاری سیاسیشی نووسیوە.

٣- چیرۆک:
کۆمەڵێک چیرۆکی نووسیوە، لە ناوەڕۆکیاندا باسی گەلێک دەردی کۆمەڵایەتی و گەلیک دیمەنی دواکەوتنی کۆمەڵی کردووە.

٤- چیرۆک بۆ منداڵان:
کۆمەڵە چیرۆکێکی منداڵانی نووسیوە، هەروەها چەند چیرۆکێکی منداڵانی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.

٥- ژیاننامە:
چەندین ژیاننامەی نووسیوە وەک (ئاوێنەی ژینم، خەباتی ڕۆشنبیران، یادنامە).

٦- گەشتنامە:
چەند گەشتنامەیەکی نووسیوە وەک (گەشتی پێنجوێن، گەشتی شارباژێڕ، گەشتی سرۆچک، گەشتی هەڵەبجە و هەورامان).

٧- گفتوگۆ:
لە نامیلکەی ئاهەنگی ڕۆشنبیراندا سێ گفتوگۆی جۆراوجۆری لە بارەی (کۆمەڵایەتی، مێژوویی، ئاینی) بڵاوکردووەتەوە.

٨- لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان: لە بەرهەمی ئەم شاعیرانەی کۆڵیوەتەوە (ئەحمەدی خانی، داماوی موکریانی، زێوەر، بێکەس، حاجی قادری کۆیی، مەلا کاکە حەمە).

٩- وەرگێڕان:
لە بواری وەرگێڕاندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە، گەلێک کتێبی نووسەرە ناودارەکانی جیهانی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.

شاکر فەتاح نیشتمان پەروەرێکی دڵسۆز بوو، کوردایەتی و پرسی نەتەوەکەی، ئامانجی پێگەیاندنی میللەتە ژێر دەست و چەوساوەکەی تاکە مەبەست و ئامانجی بووە. خاوەن هەڵوێست بووە، لە ڕووی ناهەق و زوڵم و نا عەدالەتی و دیاردەی نا بەجێ وەستاوە، بێدەنگ نەبووە و سەری شۆڕ نەکردووە لە ئاست هەڕەشە و چاو سوور کردنەوە و تۆقاندن، ئەم هەڵوێستە بە درێژایی تەمەنی و هەر لە خۆناسینەوە لەگەڵی گەورە دەبێت و سەرەنجامیش دوا هەڵوێستی بە شەهیدکردنی دا.

نمونەیەک لە پەخشانی شاکر فەتاح:

بەرخەکە!
کوڕەکەم لە تەمەنی دوانزە ساڵاندا بوو، ڕۆژێک هەستیکرد بە ئاوارەیی و تەنیایی، ئەگەڕا بۆ شتێک دڵی خۆی پێ خۆش بکات، خۆشەویستی و دڵسۆزی و چاودێری خۆی تیا بەخت بکات، ناچاری کردم بەرخۆلەیەکی بۆ بکڕم لە مەڕسەربڕێک (قصاب) زۆری پێ نەچوو کورەکەم بوو بە دۆستێکی گیانی بە گیانی بەرخەکە، بەرخە بەسەزمانەکە وا هۆگری بوو بوو کە کوڕەکەم ئەڕۆیشت ڕای ئەکرد بە دوایا، لێی ئەچووە پێشەوە، خۆی تێ هەڵ ئەسوو، یاری لەگەڵ ئەکرد، کوڕەکەمی لە جێگەی دایکی دانابوو، ئەو دایکەی کە خوارستی و ناپەسەندی نەوەی ئادەم لەوی جوێ کردبووەوە!
هەر چەند بەرخەکە بە تەنیا بمایەوە ئەیباڕاند: کورەکەمی بانگ ئەکرد پێویستی جێبەجێ بکات، هاودەمی بکات، دڵی خۆش بکات، جا کوڕەکەم چەند بەختیار بوو بوو بەو بەرخە بەسەزمانە!
بەرخەکە هەموو کاتێکی، هەموو بیرەوەرییەکی کوڕەکەمی داگیرکردبوو، کوڕەکەم ئەوەندەی بە تەنگ دڵی ئەو بەرخەوە بوو، بە تەنگ دڵی کەسی ترەوە نەبوو!
بەڵام بەلای منەوە باڕاندنی بەرخەکە لە بانگکردنی کوڕەکەم زۆرتری تیابوو، شتێکی گرنگتری تیا بوو، دیلیی و بەندەیی و بێ دەسەڵاتی بەرخەکەشی ئەنواند بەرامبەر هێزێکی وا کە نەی ئەتوانی بەرەنگاری بکا! بەرخەکە لە خۆشەویستی و دڵسۆزی و چاودێریی دایکی بێبەش کرابوو، لە خۆشەویستی و دڵسۆزی و چاودێری کوڕەکەم دڵنیا نەبوو، بە شتێکی دەستکردی ئەدایە قەڵەم، ئەو حەزی ئەکرد بچێتەوە لای دایکی، حەزی ئەکرد سەربەستی خۆی دەست کەوێتەوە، لە زۆرداری دوورکەوێتەوە، لەبەر ئەوە هەستی بە ترس ئەکرد، ئەترسا لەوەی شتێکی بەسەر بێ! لە ڕاستیدا بەرخەکە بە هەڵە نەچوو بوو...
چۆن ئەبوو باوەڕبکا بە دۆستایەتیی کوڕەکەم و ئەو مەڕ سەربڕەی کە ئەو بەسەزمانەیان لە دایکی خۆی کردبووەوە؟!.. بەرخەکە بە دڵ هەستی ئەکرد بە جیاوازییەکی گەورە لە ناوەند خۆشەویستی دایکی کە پڕ بوو لە دڵسۆزی و خۆ بەختکردن و خۆشەویستیی کوڕەکەم و مەڕسەربڕەکە کە پڕبوون لە خۆپەرستی!
لەبەر ئەوە چەند بە تەنها بمایەوە ئەیباڕاند، ئەلاڵایەوە چونکە خۆی لە تەنگ و چەڵەمەدا ئەدی، دەترسا لەوەی لەناو بچێ، وا تێ گەیشتبوو کە ئەگەر بە هۆی کەمتەرخەمیی کوڕەکەمەوە لەبەر بێ ئاوی و بێ خۆراکی نەمرێ، دوور نییە سەگ و گورگ لە پەرژینی خانووەکەوە باز بدەنە ژوورەوە پەلاماری بدەن بیخۆن، یاخود دز و درۆزن و زۆردار بەشەو بیدزن و سەری ببڕن و گۆشتەکەی بفرۆشن!
بەڵکو بۆی هەیە کوڕەکەم خۆی سەری ببڕێ و بیبرژێنێ و بیخوا، ئەمە ڕاستە کوڕەکەم دۆستێتی، دڵسۆزێتی، بەڵام تەقو ئارەزووی چووە سەر گۆشتە ناسکە خۆشەکەی؟! کێ ئەڵێ سەری نابڕێ؟ بۆ چ هەموو ڕۆژ هەزاران بەرخی وەک خۆی سەرنابڕێن بۆ خۆشی بن دانی کوڕەکەم و هاوتای کوڕەکەم؟!..
لەبەر ئەوە باڕە باڕی ئەو بەرخە لە باوک و دایک بڕاوە کڵۆڵە، کە وەک هاوارێکی بێ دەسەڵات و بێ چارانم ئەهاتە بەرگوێ، کە سێ دارە نەزیکییانەوە هەڵخرابێ، دڵمی ئەسووتاند، جەرگمی ئەبرژاند!
تەنانەت ئەوەشی لەبیر ئەبردمەوە کە کوڕەکەم و هەموو خێزان نازیان ئەکێشا و چاودێرییان ئەکرد! بەڵام منیش بە هەڵەدا نەچوو بووم، زۆری پێنەچوو دۆستایەتی و نازکێشان و دڵسۆزی بەرانبەر بەرخەکە لەبیر کوڕەکەم و خێزان چووەوە کاتێکم زانی بەرخی بەسەزمانیان داوە بە زەویدا و ئەیانەوێ سەری بڕن و گۆشتەکەی بە چێشت لە سەیرانێکا دەرخواردی چەند میوانێکی زۆرداری وەک خۆیانیان بدەن! باش بوو فریاکەوتم و بەرخی بەسەزمانم لەدەستیان ڕزگارکرد!..
گەلێک لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتیش داخەکەم لەو بەرخە بەسەزمانە ئەکەن! ئەوانیش هەرچەندە سەرۆکە خۆپەرستەکانیان خۆشەویستییان بۆ ئەنوێنن و یارمەتییان پیشان ئەدەن و چاودێرییان پێشکەش ئەکەن...
بەڵام هەی هوو! تازە چاویان کراوەتەوە، قەت چەواشە نابن، لە ترسی گیانی خۆیان ناچارن هەر هاوار و فریان بکەن تا خوا دەرگایەکی ڕزگاربوونیان لێ ئەکاتەوە!.


سەرچاوەکان



2419 بینین